
زانستی میتۆلۆژی (Mythology) یا ئوستووره‌ناسی، ده‌توانێ زۆر له به‌شه نادیاره‌کانی مێژوویی و پێش‌مێژوویی کوردستان بخاته روو. کاتێک ئوستووره‌ناسان باس له سیستمی ئوستووره‌یی یۆنانی، بابێلی، سوومێڕی، هێندی، ئێرانی و... ده‌که‌ن، ئه‌م پرسیاره دێته گۆڕێ که بۆچی کورد که له نه‌ته‌وه کۆنه‌کانی سه‌رووی مێزۆپۆتامیایه، هیچ جێگه و پێگه‌یه‌کی له نێو توێژینه‌وه‌کان‌دا بۆ دیاری نه‌کراوه و توێژه‌ران و نووسه‌رانی کوردیش تا ئێستا که‌متر ئاوڕیان لێ‌داوه‌ته‌وه؛ ئه‌م بێده‌نگییه ره‌نگه به هۆی گۆڕانی ناوی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بێ وا به درێژایی مێژوو هه‌میشه به «کورد» ناودێر نه‌کراوه؛ یا شوناس و پێناسێکی سه‌ربه‌خۆی نه‌خولقاندووه، یان به پێی ئه‌وه‌ی که زمانی کوردی بێ‌بڕانه‌وه ژێرچه‌پۆکه‌ی زمانی ده‌سه‌ڵات بووه و وه به‌ر چاو نه‌هاتووه و شاردراوه‌ته‌وه و سامانه کولتوورییه‌که‌ی به ناوی خۆیه‌وه تۆمار نه‌کراوه، ئه‌گینا ره‌نگه خه‌تای خۆمان بێ که بڕوامان به هه‌بوونی «میتی کوردی» نه‌بووه و یان چاوه‌ڕێی ئه‌م و ئه‌و بووین، بێن و بۆمان وه‌گه‌ڕ خه‌ن. هه‌رکام له‌م هۆکارانه راست بێ، ئێستاش دره‌نگ نه‌بووه و کاتی ئه‌وه هاتووه ده‌روویێک له‌م بواره‌دا بکه‌ینه‌وه...
تۆ حه‌ربا نیت پێستی خۆت
به پێی ره‌نگ و زمان و
خووی شه‌قامه‌کان مه‌گۆڕه
تۆ حه‌ربا نیت.
ف.پیرباڵ
ئه‌رێ، خه‌ریکه ئێمه‌ش هه‌ست به گه‌وره بوونی جیهان ده‌که‌ین و ورده ورده مه‌ترسیمان تێدا ساز ده‌بێ، هه‌ول ده‌ده‌ین ئاکار و ڕه‌نگ و خوومان بگۆڕین تا له‌و جیهانه مه‌ترسیداره هه‌ست پێکراوه دا ته‌ریک نه‌که‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌ڵێ به‌ڵێشیان بۆ نه‌کردین لانیکه‌م خۆشیان لێمان بێ و له ژێر باڵی کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ست به ئاسووده‌یی بکه‌ین، به‌ڵام بۆ گه‌ییشتن به‌و ئامانجه ده‌ست بۆ هه‌موو کارێک ده‌به‌ین و خۆمان ده‌بینه مه‌ترسییه‌ک بۆ کۆمه‌ڵگه، زێلیگ zelig فیلمێکی نیمچه دیکۆمێنتارییه که باس له که‌سایه‌تییه‌کی نه‌خۆش ده‌کا که بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ری خۆشیان بوێ خۆی هاوڕه‌نگی ئه‌وان ده‌کا. ئه‌و که‌سایه‌تییه چ له باری فکری و چ له باری جه‌سته‌ییه‌وه خۆی ده‌گۆڕێت، به جۆرێک که له گه‌ڵ دیموکراتێک دیموکرات و لای کۆماریخوازێک کۆماریخواز،له گه‌ڵ خاخامێک خاخام و له گه‌ڵ دووکتورێک ده‌بێته دوکتوور، جه‌ریانی ئه‌و فیلمه له ساڵه‌کانی 1920 تا 1930 دا ڕوو ده‌دا سه‌رده‌می تێکشکانی ئابووری ئامریکا و گه‌شه سه‌ندنی موزیکی جاز و فراوانی ئه‌لکۆڵ له‌و وڵاته‌دا، که وودی ئالین وه‌ستایانه توانیویه‌تی دۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه بگوازێنێته‌وه ناو فیلمه‌که و بۆ خۆی رۆلی سه‌ره‌کی فیلم یانی لیۆنارد زێلیگ بگێرێت، ئه‌و فیلمه له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ورده ته‌نزی زۆر تێدایه به‌ڵام باس له مه‌ترسییه‌ک ده‌کا که ده‌توانیت زۆر له‌وه‌ی وا بیری لێده‌که‌ینه‌وه مه‌ترسیدارتر بێت بۆ کۆمه‌ڵگه، که‌سایه‌تییه‌ک که بۆ ئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌دا قه‌بوول بکرێت هه‌موو کارێک ده‌کات ته‌نانه‌ت چونه ژێر باڵی نازیسمه‌وه، که‌سایه‌تییه‌ک که به قه‌ولی سال بلوو زوو له یاد ده‌چێته‌وه ته‌نیا شتێک که لێی ده‌مێنێته‌وه "بامزه" بوونییه‌تی! دوکتوور فلێچر که‌سایه‌تی دووهه‌می ئه‌و فیلمه ته‌نیا که‌سێکه که هه‌ول ده‌دات چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌که‌ی زێلیگ بکات و له کاره‌که‌ی دا سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت، به جۆرێک که زێلیگ ئه‌و جار به سه‌راحه‌ت بیر و بۆچوونی خۆی بێ ئه‌وه‌ی ترسێکی له که‌س هه‌بێت و بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی به‌ڵێ به‌ڵێی که‌س بێت ده‌رده‌بڕێت که له فیلمه‌که‌دا به جوانی ئاماژه‌ی پێکراوه، به‌ڵام مه‌به‌ست له‌و نووسینه چییه، من پێم وایه هه‌ر که‌س دوای دیتنی ئه‌و فیلمه جارێک وه‌بیر ده‌ورووبه‌ری خۆی ده‌که‌وێته‌وه، ده‌وروبه‌رێک که خه‌ریکه زێلیگ ئاسا بۆ ئه‌وه‌ی جێپه‌سه‌ندی هه‌ر گه‌مژه‌یه‌ک بێ ره‌نگ و خووی خۆی ده‌گۆڕێ، ئه‌وه‌ش هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی وودی ئالێن له فیلمه‌که‌ی دا باسی لێده‌کا مه‌ترسیداره، بێ گومان کۆمه‌ڵگه‌ی ئیمه پێویستی به دوکتوور فلێچڕێکه که بتوانێت ئه‌و که‌سایه‌تی نه‌خۆشه کونترول بکات تا له‌وه زیاتر نه‌بێته هۆی مه‌ترسی بۆکۆمه‌ڵگه، له‌وه ده‌چێ له جیهانی وێژه‌دا نووسین ڕۆلی دووکتور فلێچر به باشی بگێڕێت، به‌ڵام کێ هه‌یه ئه‌و جه‌ساره‌ته‌ی هه‌بێ و ئه‌و هه‌موو که‌سایه‌تییه نه‌خۆشه‌ی ده‌ورووبه‌رمان بنووسێته‌وه؟ فیلمی زێلیگ به زه‌ماوه‌ندی دوکتوور فلێچر و زێلیگ کۆتایی پێ دێت یانی کۆتاییه‌کی خۆش به‌ڵام به ئاماژه‌یه‌کی سرنجڕاکێش:
"ئه‌و{زێلیگ} بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک خۆشیان بوێ و ئه‌رێیان لێ وه‌رگرێ، خۆی له ڕاده‌به‌ده‌ر گۆڕی، ئێستا ئه‌و پرسیاره‌مان بۆ ساز ده‌بێ چی ده‌بوو ئه‌گه‌ر زێلیگ هه‌ر له ئه‌وه‌ڵه‌وه ئه‌و ئازایه‌تییه‌ی هه‌بوایه و بێ ئه‌وه‌ی وه‌ک حه‌ربا خۆی بگۆڕێ قسه‌ی دڵی کردبایه؟ له کۆتاییش دا نه به‌ڵێ به‌ڵێی که‌س به‌ڵکوو ئه‌وینی ژنێک ئه‌وی گۆڕی."
ژنێک که ئه‌گه‌ر نه‌بێ دیسان زێلیگ ڕه‌نگ ده‌گۆڕێته‌وه،دیسان پێویستی به ئه‌رێ وه‌رگرتنی دیتران ده‌بێ، ئاخۆ نووسین له به‌رامبه‌ر ئاکاری ده‌ورووبه‌رمان وا نییه؟ ئه‌گه‌ر نه‌نووسین که‌سایه‌تییه‌کان زێلیگ ئاسا ڕه‌نگ ناگۆڕن؟

"هیچ شارێک له ژێر سێبه‌ری دیکتاتۆری‌دا پێناگات؛ له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێک له ژێر چاوه‌دێری دا بێت، سووک و چرووک ده‌مێنێ"(54) ئه‌وه و ده‌یان ڕسته‌ی که، باس له سه‌رهه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵاتێکی تووتالیتێر ده‌که‌ن که دزه‌ی کردبۆوه نێو ژیانی دانیشتوانی وڵاتێک، ئه‌و وڵاته‌ی که سه‌رده‌مانێک ده‌سه‌ڵات دارانی ئاڵاهه‌ڵگری دروشمی دژه فاشیسم بوون، باس له وڵاتی رۆمانییایه له سه‌رده‌می نیکۆلای چاوۆ شێسکۆ؛ ئه‌و دیکتاتۆره‌ی بوو به هۆی خولقاندنی رۆمانی"وڵاتی هه‌ڵووچه شینه‌کان"، رۆمانێک که له‌و ساڵانه دا خه‌ڵاتی نۆبێلی پێ به‌خشرا و برینێکی کۆنی به ناوی ژینۆ سایدی گه‌لی رۆمانیا هه‌ڵداوه و دونیای له خه‌و ڕاچڵه‌کاند...
کاک عه‌لی ناوی نه‌ورۆزانه‌ی لێ ناون، به‌ڵام دڵنیام له تامی وه‌رگرتنی نه‌ورۆزانه چێژ به‌خشترن، به تایبه‌ت که ره‌نگێکی نوێ بده‌ن به کتێبخانه‌که‌ت، باس له چه‌ند کۆمه‌ڵه چیرۆک و رۆمانێکه، بۆکان ئه‌و ساڵ ته‌قاندوویه‌ته‌وه، کاکه خله و خه‌رمان به‌ره‌که‌ت، ئێستا له خوێندنه‌وه‌ی "سه‌فه‌رنامه‌ی دۆزه‌خ" کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌که‌ی کاک بریا کاکه سووری نه‌بوومه‌وه هه‌واڵی بڵاو بوونه‌وه‌ی "چاره‌نووسی تاپۆکان"ی کاک سوله‌یمانی عه‌بدولره‌حیمزاده‌م له زمانی خۆیه‌وه پێ گه‌ییشت، ئای چه‌نده‌م پێ خۆش بوو،چه‌نده‌م شانازی به خۆم کرد که ئه‌و نووسه‌رانه دۆستی منن، به‌ڵام حه‌یف و سه‌د جارحه‌یف که له په‌نجا نه‌فه‌ر زیاتر ئه‌و کتێبه‌یان ده‌ست ناکه‌وێ، بریا وا نه‌بوایه! سه‌فه‌ر نامه‌ی دۆزه‌خ دوایی سیاسووت دووهه‌مین کۆمه‌ڵه چیرۆکی کاک بریایه تاکوو ئه‌ورۆ بیستم کاک بریا تۆڵه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی کردۆته‌وه و "تابووتی ته‌مه‌نیش"ی له چاپ داوه که به‌داخه‌وه نه‌مدیوه به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی که‌ی دڵخۆش کردم، هیوادارم ئه‌وه‌یان به‌و ئه‌ژماره که‌مه‌ی سه‌فه‌رنامه نه‌بێ. چاره‌نووسی تاپۆکانیش که ئێستا ده‌ستم داوه‌ته خوێندنی و ورده ورده لێی ده‌رۆمه پێشێ یه‌که‌م به‌رهه‌می کاک سوله‌یمانه به‌ڵام لێ وردبوونه‌وه‌ی زۆری ده‌وێ. ئه‌ورۆ له گرمه و ته‌قه‌ی چوارشه‌ممه سووری دا خۆم به دووکانی رحمانی کتێب فرۆش دا کرد که له ناکاو وه‌بیر ئه‌و قسه‌یه‌ی کاک عه‌لی غوڵامعه‌لی که‌وتمه‌وه ئه‌ویش له لایه‌ن بۆڵانیۆوه له وێبلاگه‌که‌ی دا نووسیبووی: "ته‌نیا وه‌ته‌نی نووسه‌ر دووکانی کتێبفرۆشییه"، من که نووسه‌ر نه‌بووم وه‌ک په‌ناگه‌یه‌ک له ترسی ته‌ق وکووت په‌نام بۆ ئه‌وێ هێنابوو، که‌مێک له نێو کتێبه‌کان دا خوڵامه‌وه و ده‌ستم دایه ده‌سته‌ی ده‌ڵقه‌که‌کانی سێلین و تریسترام شه‌ندی ئێسترێن که زۆر له مێژ بوو دڵم پێوه‌یان بوو. هه‌ر ئاوا چاوم له کتێبه‌کان ده‌کرد که سه‌ید قادری هیدایه‌تی -ش هات بۆ ئه‌وێ و دوای یالله لێدانێک و چاکی وچۆنی هه‌واڵی کتێبه‌که‌یم لێ پرسی، سه‌ید قادر پێشتر باسی رۆمانێکی خۆی بۆ کردبووم و بریار بوو به‌و زووانه بیداته ده‌رێ و زۆر له سه‌ر شێوه‌ی له چاپ دانی پێداگری ده‌کرد، دیاره هه‌واڵی کۆڵه‌واربوونی چاپی ئه‌و دیوی پێ گه‌ییشتبوو! ئه‌و شۆپاژۆیه‌ی منیش ده‌گه‌ڕاوه سه‌ر ده‌نگی نوخته‌ی سه‌ید قادر که تێکه‌ڵاوییکه‌ی سه‌یرم له گه‌ڵی هه‌بوو، ئێستا ته‌واو له پرسیاره‌که‌م نه‌بوومه‌وه که ئاماژه‌ی به کۆمه‌ڵێك کتێب کرد له گۆشه‌یه‌که‌وه له په‌نای یه‌کدا به جوانی هه‌ڵچندرابوون، که‌ده‌ستم دایه، به‌ڵێ راست خۆی بوو، "تۆقی عه‌زازیل"؛ دوو ئه‌وه‌نده‌ی که به بینینی ئه‌و رۆمانه که‌یف ساز بووم، ئه‌ویشم خسته په‌نای کتێبه‌کانی که‌و له په‌ناشه‌وه چاوێکم له "پیاوێکی ریش خه‌نه‌یی" کاک عه‌زیزی مه‌حموود پوور بوو که بریارم دا بێمه‌وه ئه‌ویش بکرم، ئێستا ئه‌وه هه‌موویانم له‌پێش خۆم داناوه و چاویان لێ ده‌که‌م.
ئه‌وانه‌ش بخوێننه‌وه: ۱-خه‌ونباز۲-تاریک و روون
۱ـ بۆ نیشان‌دانی مێکانیسمه‌کانی گه‌شه کردنی زمان ده‌کرێ که‌ڵک له دوو ته‌مسیلی جودا وه‌ربگرین:
یه‌که‌م: وه‌رزشکارێک که به ئه‌نجام‌دانی به‌رده‌وامی هێندێک جووڵه‌ی دیاریکراو ڕۆژ ده‌گه‌ڵ رۆژ زیادتر کار به ماسوولکه‌کانی ده‌کا. (له‌م ته‌مسیله دا ئیمکان و ده‌ره‌تانه‌کان هه‌ر ئه‌وانه‌ی پێشوون به‌ڵام خاوه‌نه‌که‌ی ناهێڵی پووچه‌ڵ بنه‌وه)
دووه‌م. بازرگانێک که ڕۆژ ده‌گه‌ڵ ڕۆژ ده‌سمایه‌که‌ی زیادتر ده‌کا و پاره‌ی تازه‌ی پێ ده‌هێنێته‌وه. (له‌م ته‌مسیله دا مێکانیسمیک به‌کار هاتووه که به هۆیه‌وه ده‌ره‌تانه‌کان زیادتر ده‌بن)
زمانێکی زیندوو بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی گه‌شه و هه‌ڵدانی خۆی عاده‌ته‌ن له هه‌ر دوو مێکانیسمی گۆڕین که‌ڵک وه‌رده‌گرێ.
![]()
سه‌رچاوه‌ی ئه‌ندێشه و زانستی مۆدێرن، وڵاتانی رۆژئاوایه و ناوخۆیی نییه، بۆیه له گه‌ڵ خۆی زمانی تایبه‌ت به خۆی دێنێت، ئه‌وه ئه‌رکی ئێمه‌یه که خۆمان له گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته ڕێک بخه‌ین و زمانه‌که‌مان له قه‌تیس بوون و مردن رزگار بکه‌ین. زمانی زانستی زمانێکی ده‌رهێنراوه‌یه(اشتقاقی) هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی سازبوونی هێندێک وشه‌ی نوێ که په‌ره ده‌دات به زمانی کوردی.
قه‌سابخانه‌ی ژوماره پێنج یا شه‌ڕی خاچی منداڵه‌کان، سه‌مای زۆره‌کی له گه‌ڵ مه‌رگ.
نووسینی کۆرت وێنه‌گاتی ئامریکاییه، چواره‌مین به‌ره‌ی کۆچه‌رێکی ئاڵمانی له کیپکاد، له شه‌ڕی جیهانی دووهه‌مدا نێره‌ڤانی هێزی پیاده‌ی ئه‌رته‌شی ئامریکا بوو له کاتی دیلی به ده‌ست ئاڵمانییه‌کان، شایه‌تی ناپاڵمی دێرسدێنی ئاڵمان بوو، ستایلی نووسینی به شێوه‌یه‌کی تێلگرافی و شیزۆفێنیک چێژێکی تایبه‌ت به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێ، نووسه‌ر ئه‌زموونی خۆی به شێوه‌یه‌کی فانتێزی و ئایرۆنی له گۆشه‌نیگایه‌کی چه‌ند لایانه‌وه به پاش و پێش کردنی زه‌مان ده‌خاته‌ڕوو، که‌ڵک وه‌رگرتن له خوازه، دابه‌شکردنی رۆمان به چه‌ند به‌ش و گه‌مه کردن به زه‌مان، به‌ڵگه‌یی نووسین و ... ئه‌و جۆره نووسینه‌م پێشتر له کاره‌کانی براتیگانیشدا خوێندبۆوه. قه‌سابخانه‌ی ژوماره پێنج گێڕانه‌وه‌ی شایتحاڵی کاره‌ساتێکه که به‌شی یه‌که‌می رۆمانه‌که به گێڕانه‌وه‌ی یه‌که‌م که‌سی تاکه‌وه ده‌ست پێده‌کا و له به‌شه‌کانیتردا له گۆشه‌نیگای سێههمکهسهوه له زمان بیلیپیلگریم باقی کاره‌ساته‌که‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. به‌و جۆره‌ی بزانم ئه‌و رۆمانه کاك عه‌تا نه‌هایی کردوویه به کوردی خوێندنه‌وه‌ی زه‌ره‌ری نییه بۆ ئه‌وانه‌ی نه‌یانخوێندۆته‌وه. من که ئێستا له خوێندنه‌وه‌ی ته‌واو بووم خۆم به به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم ئه‌و شاکاره‌م له کیس نه‌دا له‌و بێ ده‌رفه‌تییه‌دا...
۱-
ده‌زانم ده‌قه‌کانی من بۆ زۆربه‌ی خوێنه‌رانی کورد هیشک و برینگ و بێسۆزن، به‌ڵام ئه‌مه کێشه‌یه‌کی گشتییه له نێو رۆشنبیریی کوردی دا. په‌یوه‌ندی به ده‌قه‌کانی منه‌وه نییه. خوێنه‌ری کورد تا ئێستاش به‌وه جۆش دراوه که دونیا له نێوان ره‌ش و سپی و خراپه و چاکه، نیشتیمان و دۆزه‌خ، هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند سه‌قامگیر بێت. ئێمه قووتابییانی خۆمان فێره ده‌ق خوێندنه‌وه ناکه‌ین. تا ئێستا زۆربه‌ی شیعره‌کانمان له سه‌ر بنه‌مانی " خوایه وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی" دامه‌زراوه... ده‌بێ ئێمه به هیمه‌ت و لێزانیی و تێگه‌یشتنی قۆڵه‌وه قۆڵی لێهه‌ڵکه‌ین وڵاته‌که‌مان ئاوه‌دان بکه‌ینه‌وه...
۲-
کاتێک شیعر بۆ چاره‌سه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، سایکلۆژی یا هه‌ر کێشه‌یه‌کی دی ده‌نووسرێت، واقیع به که‌رت که‌رت خۆیمان بۆ ده‌رده‌خات. به‌ڵام ئه‌وه‌مان له بیر ده‌چێت که واقیعی شیعریی واقیعێکی یه‌ک پارچه‌یه. ده‌بێت ئیش له‌سه‌ر ئه‌م جیهانبینییه بکرێت، چونکه به بێ گۆڕانکاریی له بنه‌مانی زه‌ین، مومکین نییه شاعیرێکی کورد بتوانێت شیعری نوێمان بۆ بنووسێت. چونکه شیعری نوێ، شیعریی بڕگه‌یی نییه هه‌ر وه‌ک گۆران بیری لێده‌کرده‌وه، شیعری نوێ ئیلتیزامی سیاسیی نییه وه‌کو له روانگه‌وه تا ئێستاش به‌شیکی زۆری شیعر له ژێر ئه‌م چه‌تره ده‌نووسرێته‌وه، شیعری نوێ شیعرێکی ناسکیش نییه ته‌نها بۆ باڵای ناسکی ژن و دڵداری و عه‌شقی نێوان نێر و مێ بنووسرێت، یا شیعرێکی سوریالی نییه که ده‌قاوده‌ق لاسایی ئه‌وی دیکه بکاته‌وه، یا شیعرێکی سوفیمه‌شره‌بیش بێت که ده‌ق له نیو دوو جه‌مسه‌ری دا قه‌تیس کات، له نێوانی خودی شاعیر و خودێکی په‌نهانی نادیار، به‌ڵکو شیعری نوێ هه‌وڵدانێکی به‌رده‌وامه بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و تێکڕاییه‌ی که ئینسان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه نێو واقیعی حه‌میمی خۆی. ئا ئه‌مه‌یه سه‌رجه‌م کێشه‌کان. به بێ ئه‌مه به رای من شیعری کوردی هه‌ر به کۆتکراوی له دایک ده‌بێت. که‌واته شیعر بانگاشه‌یه‌کی کۆنه به زمانێکی نوێ ده‌بێت بنووسرێت.
هیشتاش زۆرمان ماوه!!
ئه‌حمه‌دی مه‌لا
سه‌رچاوه:زان
له وێبلاگی خۆشه‌ویستی مهاباد دا خاتوونێکی به‌ڕێز نامه‌یه‌کیان بڵاو کردۆته‌وه که به پێویستم زانی ئاماژه به چه‌ند خاڵ بکه‌م، هه‌ر چه‌ند رووی نامه‌که له من نییه و داوه‌رانی ئه‌و فستیواڵه به‌ڕیزه ده‌گرێته‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌ی وا دیاره، پۆستی یه‌که‌می بابه‌ته‌که‌یان سه‌دی، چلی من ده‌گرێته خۆی.
ده‌بێت سوپاسی شه‌ویار خانی گوڵابی ئازه‌ر بکه‌م که ئه‌و بێده‌نگییه‌یان شکاند و بۆچوونی خۆیان ده‌ربڕی به‌ڵام به داخه‌وه هێندێک به چاوی تووره‌ییه‌وه چاویان خشانده بابه‌ته‌کان، بۆیه زۆر شتیان نه‌دیت و له زۆر جێگادا تووشی هه‌ڵه هاتن...
ساگا (saga)جۆرێک له حه‌ماسه‌یه که زیاتر به هه‌ر شێوه گێرانه‌وه‌یه‌ک ده‌وترێت که رووداوی مێژوویی گه‌لێک دووپات بکاته‌وه و بینووسێت. وشه‌ی (ساگا)به ره‌چه‌ڵه‌ک ده‌گه‌رێته‌وه ئیسکاندیناوی کۆن، به واتای (گێرانه‌وه و گووته‌نی) له راستی دا ساگا گێڕانه‌وه‌یه‌کی مێژووداری ولاتێک و نه‌ته‌وه‌یه‌کی تایبه‌ته، ساگا کۆمه‌ڵێک په‌خشانی ئیسله‌ندی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست ده‌گرێته‌خۆ که له ساڵه‌کانی نێوان 1100 تا 1500 به هه‌ژمارێکی زۆر له ئیسله ند و نۆروێژ نووسران و زیاتری ناوه‌رۆکه‌که‌یان له دیرۆک وه‌رگرتووه و پرن له رۆحی نه‌ته‌وه‌یی و سرووشتی دوورگه نشێنی ئه‌و وڵاته. تا سه‌ده‌ی 12 ساگا وه‌ک به‌یت و چیرۆکی کوردی سینگاوسینگ پارستراوه و نه‌قلیان کردووه هه‌ر بۆیه ناوی داهێنه‌رکانیان دیار نییه و نه‌ناسراوه. ئه‌وه‌ی وا ئێستا هه‌یه کورت و ده‌ره‌وه‌گه‌ر(برون گرا)و زیاتر دڵ ته‌زێنه و شێوازێکی ساده و گشتی هه‌یه به‌ڵام له بابه‌ت دارشتنیان شێوازێکی شاره‌زایانه‌یان له خۆ گرتووه.
گرینگ ترینی ساگاکان ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ده‌ی سێزده‌ی زایینی که باس له پاڵه‌وانه ئیسله‌ندییه‌کانی سه‌ده‌ی ده و یازده‌ی زایینی ده‌کات.و له ساگا به‌ناوبانگه‌کان وێلسۆنگا ساگا(1170) یه که وه‌رگێڕدراوێکی په‌خشانه له چیرۆکی ولسونگه‌کان.ئه‌و ساگایه چیرۆکی زیگۆرد وێلسۆنگه که له ریوایه‌تێکی کۆنتر به ناوی دیرۆکی زیگفرید له حه‌ماسه‌ی نیبلۆنگه‌کان وه‌رگیراوه. زۆر یه‌ک له که‌ڵه پیاوانی وه‌ک واگنێر له ئۆپێرای (انگشتری) و نووسه‌رانی وه‌ک لانگفلۆ بۆ نووسینی کتێبی (اولاف شاه) یان له سه‌ده‌کانی ئێستا دا جان گاڵزۆردی بۆ نووسینی کتێبی (ساگای فۆرسایت) که‌ڵکیان له ساگا وه‌رگرتووه.
یه‌کێک له جیاوازییه‌کانی ئوستووره و ساگا له‌وه‌دایه که ئوستووره باس له جیهانێکی خودایی یا نیمچه خودایی ده‌کات، له حاڵێک دا ساگا راستبین تر و (مێژوویی)تر ده‌روانێته شته‌کان گێڕانه‌وه ی ساگا و حه‌ماسه هاوبێچمه و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می پاڵه‌وانیه‌تی، به‌ڵام جیاوازی حه‌ماسه و ساگا له‌وه‌دایه که حه‌ماسه زیاتر هه‌ڵبه‌سته و ساگا ده‌توانرێت وه‌ک په‌خشانیش بگێردرێته‌وه.
اسطوره بیان نمادین- اسماعیل پور ابوالقاسم- سروش-۱۳۸۷
جهان اسطوره جلد۱- مخبر عباس- نشرمرکز-۱۳۸۷

هه‌نبانه‌بۆرینه وه‌ك سه رچاوه‌یه‌كی زمانی كوردی پێویسته له یه‌كه‌م وشه‌ڕا تا دواهه‌مین وشه بخوێنرێته‌وه و هه‌ر كه‌سه و به پێی توانی خۆی به‌شێك له وشه‌كانی بگێڕێته‌وه ناو نووسینه‌كان و ته‌نانه‌ت ناو ئاخاوتنه‌كانی رۆژانه‌شی.
ڕه‌نگه ئیتر كه‌س نه‌بێ كه له پێویستی فه‌رهه‌نگ (قامووس) و شێوه‌ی كه‌ڵك‌وه‌رگرتن له فه‌رهه‌نگ بێ‌ئاگا بێت. به‌ڵام له نێو گه‌لی كوردی ته‌ره له هه‌موو به‌خته‌وه‌رییه‌كانی سه‌رده‌م، به تایبه‌ت له بواری زمان و فه‌رهه‌نگدا، وه‌ك زۆربه‌ی روانینه به ناچار جیاوازه‌كانی‌ترمان، ده‌بێ پێویستی فه‌رهه‌نگ و كه‌ڵك‌وه‌رگرتنیشمان جیاواز بێت له هه‌موو زمانه به‌خته‌وه‌ره‌كانی ئه‌م سه‌ده‌یه. ره‌نگه ئه‌وه له بنه‌مادا قسه‌یه‌كی پێكه‌نینی بێت كه بڵێم كورد ده‌بێ فه‌رهه‌نگه‌كان بكاته وانه‌ی خوێندنه‌وه و وه‌ك كتێبێكی ده‌رسی هه‌ر له یه‌كه‌م وشه‌ڕا پێدا بێت تا دواهه‌مین وشه. به‌ڵام ئه‌م قسه پێكه‌نیناوییه بۆ ئێمه‌ی كوردی دابڕاو له زمانی دایك و باب و هه‌ڵبڕاو له فێرگه و خوێندنگه‌ی كوردی وته‌یه‌كی هه‌تا بڵێی به تام و بۆ و هه‌تا خودا حه‌ز بكا زه‌رووره.
وه‌ك پۆلێك له مێژوونووسان ده‌ڵێن ره‌نگه ژیگه‌ی شاخاوی كوردستان به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی بووبێ له هه‌مبه‌ر دزه‌كردنی زمان و فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌ب و عه‌جه‌می ده‌شته‌كی. له‌مڕۆدا به هۆی چڕژانی سنووره پۆڵایینه‌كانی رابردوو و لێكدرانی بێ‌به‌ربه‌ستی سه‌رجه‌م فه‌رهه‌نگه‌كانی سه‌ر زه‌وی، روون و ئاشكرایه كه زمان گه‌وره‌ترین پێناسه‌ی هه‌رگه‌لێكه و پڕچه‌كترین پاسه‌وانی بوونی نه‌ته‌وه‌كانه. گه‌لی بێ وشه و نه‌ته‌وه‌ی بێ زمانی سه‌ربه‌خۆ گه‌لێكی مردووه و جه‌سته‌ی سارد بۆته‌وه. بێگومان گه‌ردونی گه‌ڕ ئه‌و گه‌لانه فه‌رامۆش ده‌كات كه ئه‌م پاسه‌وانه‌یان له ده‌وره نییه. ئێمه كه نه‌ك هه‌ر شه‌پۆلی زمانانی بێگانه و هورووژمی زانسته‌كانی سه‌رده‌ممان به سه‌ردا رژاوه و ده‌مێك به ناوی پیرۆزی و سه‌رێك به بیانووی یه‌كده‌ستییه‌وه ئه‌م جۆگه‌له‌یه‌یان رووه‌و مێشكمان هه‌ڵبه‌ستووه، به‌ڵكوو خه‌رمانی سووری وشه‌كانی خۆشمانیان لێ شه‌قڵ كردووین و به‌ربێڵی كێڵگه‌ی خۆمان لێ قۆرغ كراوه. نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی خوا نه‌خواسته بیپارێزن، به‌ڵكوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ر خه‌رمان و هه‌ر له كێڵگه‌دا بیگنخێنن. بۆیه لام وایه له‌سه‌ر هه‌موو كوردێك، به لێزان و لێنه‌زانه‌وه، به قه‌ڵه‌م به ده‌ست و پێ‌په‌تییه‌وه فه‌ڕزه قۆڵی لێ هه‌ڵماڵێ و هه‌تا نه‌چووه و بچێ، خه‌رمانلۆغه‌ی خۆی له‌و داهاته بڕفێنێ و له سووچێكی عه‌مباری مێشك و دڵیدا هه‌ڵیداته‌وه و بیكاته ئاشته‌بای وه‌رزه‌كانی بیركردنه‌وه و نووسینی. ئیتر هه‌ر له‌سه‌ر تاقچكه دانانی فه‌رهه‌نگێكی وه‌ك هه‌نبانه‌بۆرینه و چه‌ل‌ناچه‌لێك تۆز لێ ته‌كاندن و چاو له وشه‌یه‌ك‌كردنی ــ وه‌ك شێوازی كه‌ڵك وه‌رگرتنه له فه‌رهه‌نگ له لای گه‌له خوداپێداوه‌كان ــ زوڵمێكی دووباره‌یه له مێشك و قه‌ڵه‌م و فه‌رهه‌نگ و پێناسه‌ی خۆمان.
سه‌رچاوه:هه‌ڵوه‌دا(ک.ج)