کتێب
"هیچ شارێک له ژێر سێبه‌ری دیکتاتۆری‌دا پێناگات؛ له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێک له ژێر چاوه‌دێری دا بێت، سووک و چرووک ده‌مێنێ"(54) ئه‌وه و ده‌یان ڕسته‌ی که، باس له سه‌رهه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵاتێکی تووتالیتێر ده‌که‌ن که دزه‌ی کردبۆوه نێو ژیانی دانیشتوانی وڵاتێک، ئه‌و وڵاته‌ی که سه‌رده‌مانێک ده‌سه‌ڵات دارانی ئاڵاهه‌ڵگری دروشمی دژه فاشیسم بوون، باس له وڵاتی رۆمانییایه له سه‌رده‌می نیکۆلای چاوۆ شێسکۆ؛ ئه‌و دیکتاتۆره‌ی بوو به هۆی خولقاندنی رۆمانی"وڵاتی هه‌ڵووچه شینه‌کان"، رۆمانێک که له‌و ساڵانه‌دا خه‌ڵاتی نۆبێلی پێ به‌خشرا و برینێکی کۆنی به ناوی ژینۆ سایدی گه‌لی رۆمانیا هه‌ڵداوه و دونیای له خه‌و ڕاچڵه‌کاند...
رۆمانی وڵاتی هه‌ڵووچه شینه‌کان رۆمانێکی سیاسیه و په‌رده له رۆژانێکی ره‌ش لاده‌دا که تێیدا قفڵ درۆیه‌ک زیاتر نه‌بوو و به قه‌رای هه‌موو کرێکاره‌کان کلیل هه‌بوو. بێ مانایی له ژیان، بێهووده‌گی، خۆکوشتن، ده‌رباز بوون، ترس، خوین و هه‌مووی ئه‌وانه هێمایه‌ک بوون له ژیانی تاریکی گه‌لێک.
هێرتا موولێر ژنه نووسه‌رێکی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک رۆمانییه که له ساڵی 1953 له دایک بووه و له ساڵی 1987 به هۆی دژایه‌تی حیزبی فاشیستی چاوۆ شێسکۆ به‌ره‌و ئاڵمان باری کرد و ئێستا له‌وێ ده‌ژی. رۆمانی وڵاتی هه‌ڵووچه شینه‌کان باس له‌و سه‌رده‌مه ده‌کا که نووسه‌ر تێیدا ده‌ژی و به شێوه‌یه‌ک گێرانه‌وه‌ی ژیانی پڕ له مه‌ترسی خۆیه‌تی. ئه‌و رۆمانه چه‌ندین خه‌ڵاتی وه‌ک خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی ئیمپه‌ک دوبلین و کلایستی وه‌رگرتووه، ئه‌م رۆمانه و رۆمانی "قرار ملاقات" له‌و نووسه‌ره وه‌رگێردراوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی فارسی و له به‌ر ده‌ستی ئێمه‌یه.
که‌س له منی نه‌پرسی له کام خانوو، له کوێ، له پشت کام میز، له نێو کام پێخه‌ف و له کامین وڵات پێم خۆشه به ڕێ دا بڕۆم، بخۆم، بخه‌وم...(44)
رۆمانی وڵاتی هه‌ڵووچه‌شینه‌کان به حه‌قیقه‌ت رۆمانێکی پۆست مۆدێرنیستییه و بگێره‌وه له گۆشه‌نیگای یه‌که‌م که‌سی تاکه‌وه چیرۆکی خۆی به شێعرێک له گلۆنائۆم ده‌ست پێ ده‌کات، که یه‌کێک له کلیله‌کانی دزه کردن بۆ ناو رۆمانه‌که‌یه:
هه‌ر که‌سێ له هه‌ر په‌ڵه هه‌ورێک دا ، هاواڵێکی بوو
له به‌ر ئه‌وه‌یه که جیهان، له ته‌نیشت هاواڵان، لیپاولیپی ترس و ناحزی بوو
دایکیشم ده‌یکووت وه‌ها
دڵ به هاوڕێیانت مه‌ده و
بیر له راسته‌قینه‌کان بکه‌وه
نووسه‌ر به که‌ڵک وه‌رگرتن له زمانێکی شاعیرانه و هێمایی خوێنه‌ر ڕاکێشی ناو رۆمانه‌که‌ی ده‌کا و به هێنانه‌وه‌ی وشه‌گه‌لێک وه‌ک نینۆکگیر و که‌مه‌ربه‌ند و ته‌ناف و په‌نجه‌ره مه‌رگت وه‌بیر دێنێته‌وه:
تا به ئێستا نه‌متوانیوه وێنه‌ی گۆڕێک بگرم، به‌ڵام وێنه‌ی که‌مه‌ربه‌ند، په‌نجه‌ره، فه‌ندووق و ته‌ناف هه‌ڵده‌گرم. به بروای من هه‌ر مه‌رگێک له تووره‌که‌یه‌ک ده‌چێت.(۹)
په‌ڕه‌شی زه‌ینی و که‌ڵک وه‌رگرتن له دیالۆگ و تێکشکانی ره‌وایه‌تی هێڵی، هه‌مووی ئه‌وانه به‌شێکن له تایبه‌تمه‌ندی رۆمانێکی پۆست مۆدێرن.
ئێدگار وتی: کاتێ بێده‌نگ ده‌بین و هیچ ناڵێین، لێمان وه‌ڕه‌ز ده‌بن و کاتێک زمان ده‌که‌ینه‌وه، خۆمان ده‌که‌ینه قه‌شمه‌ری.(9)
بگێڕه‌وه‌ی رۆمانی هه‌ڵووچه شینه‌کان خوێندکارێکی کچه که بۆ دۆزینه‌وه ژیانێکی باشتر له زێده‌که‌ی خۆی به‌ره‌و شار داده‌بڕێ و له‌وێ به هۆی خۆ کووشتنی هاوخه‌وگه‌که‌ی "لۆلا" که جۆرێکی تر بیری ده‌کرده‌وه له گه‌ڵ سێ خوێندکاری کور ئاشنا ده‌بێت و هه‌وڵی ده‌رباز بوون له‌و وڵاته ده‌ده‌ن، له وڵاتێک که سه‌روان پێجله و سه‌گه‌که‌ی، پاسه‌وانه هه‌لووچه خۆره‌کان، کاریگه‌ره خوێن خۆره‌کان تێیدا هه‌موویان سیخوری ده‌که‌ن و ترس به سه‌ریاندا زاڵه؛ بگێڕه‌وه ژیانی کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکمان له وڵاتێکی تووتالیتێردا بۆ وه‌سف ده‌کا :
ئه‌وان له مالێشدا له ترس و دڵه‌ڕاوکێ دا بوون. کارخانه‌کان، مه‌یخانه‌کان، دووکانه‌کان و...بیمارستانه‌کان و گۆرستانه‌کان، هه‌ر هه‌موویان سیخوریان ده‌کرد و...(41)
هه‌ستت ده‌کرد که دیکتاتۆر و پاسه‌وانه‌کانی، له سه‌ر هه‌موو ڕێیه‌کانی هه‌ڵاتن هه‌ڵده‌فرن. هه‌ستت ده‌کرد که خۆیان لێت مه‌ڵاس داوه، و ترس دابه‌ش ده‌که‌ن.(58)
هه‌ڵووچه‌یان له برسان نه‌ده‌خوارد، ئه‌وان ته‌نیا تامه‌زرۆی تامی ترشی هه‌ژارییه‌ک بون که سێبه‌ری به سه‌ر ژیانیاندا ته‌نیبوو.(61)
بگێڕه‌وه فه‌زایه‌کی نه‌خۆش بۆ خوێنه‌ر ساز ده‌کا که تێیدا هه‌ست به قیزه‌ونی و بێهووده‌گی ده‌که‌ی، هه‌ست به خۆ کوشتن و خه‌یانه‌ت هه‌ر ئه‌و جۆ‌ره‌ی که زۆربه‌ی که‌سایه‌تی ناو رۆمانه‌که کردیان:
هه‌ر یه‌ک له ئێمه بیرمان له‌وه ده‌کرده‌وه چۆن خۆمان بکووژین و هاوڕێکانمان به جێ بێڵێن، هه‌ر یه‌ک له ئێمه بێ ئه‌وه‌ی شتێک بڵێین هه‌ولمان ده‌دا چۆن یه‌کتر خه‌تابار که‌ین و ته‌نیا بیانوومان خۆڕانه‌گرتن بوو له به‌رامبه‌ری وه‌ها دۆخێک‌دا. بۆیه بووین به مرۆڤێکی خۆبین و بۆ سلماندنی ئه‌وه‌ی که له بری مردن ئێستاش زیندووین، ده‌ستمان دایه چه‌کی بێده‌نگی.(23)
رۆمانی وڵاتی هه‌لووچه شینه‌کان پڕه له هێما و ئیستیعاره، پڕه له ده‌نگۆی نه‌خۆشی دیکتاتۆر و چاوه‌ڕوانی، پڕه له هه‌ژاری و خوێن خۆری... رۆمانێکه که بروا ناکه‌م که‌س خۆی تێدا نه‌بینێته‌وه، رۆمانێکه که تێیدا بوختان، خه‌ون و خه‌یاڵات، ترس، ناهومێدی، خه‌یانه‌ت و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که تۆ لێره هه‌ستی پێ ده‌که‌ی ده‌ی‌دۆزییه‌وه:
ئاخاوتنمان ئاوس بوون ناهێنێت(109)
هه‌موو له مردنی له ناکاوی دیکتاتۆر هه‌ستمان به شادی ده‌کرد، به‌ڵام مه‌رگێک بوونی نه‌بوو...هه‌موو ده‌یانویست له‌و زیاتر بژین(۷۲)
به‌ر له هه‌موو شتێک ئه‌و منداڵانه‌ش، هاوتاوانن. کاتێک دایک و باوکیان وه‌ختی خه‌وتن ماچیان ده‌که‌ن، له دمیان بۆنی خوێن به لووتی منداڵه‌کان دا دێت، که‌وایه بۆ رۆیشتن بۆ قه‌سابخانه ناتوانن پێش به خۆیان بگرن(۲۵۵)
له‌و سه‌رده‌مانه دا پێم وا بوو که له جیهانێکی بێ پاسه‌واندا، خه‌ڵکی وه‌کوو وڵاتی ئێمه به‌رێدا ناڕۆن؛ جیهانێک که له‌ودا خه‌ڵکی ده‌توانن هه‌ر جۆرێک بیانهه‌وێت بیر بکه‌نه‌وه و بنووسن.(130)
بۆیه ئه‌وه‌ی وا نه‌یخوێندۆته‌وه، ئێستاش دره‌نگ نییه.
سرزمین گوجه‌های سبز/هرتا مولر/ترجمه غلام‌حسین میرزا صالح/نشر مازیار/۱۳۹۰
برچسب‌ها: هێرتا موولێر, وڵاتی هه‌ڵووچه شینه‌کان, کتێب, ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب