nuxte

سانسور-1


سانسۆر گۆری بابمانی گاوە، بە هەموو ‌شێوەیەك خەریكە رەگئاژۆ دەكاتە ناو رۆحمانەوە و زەوقی بیركردنەوە و ئافراندمان تێدا كوێر دەكات. گەوجانەترین شتێك كە تا ئێستا لە زاری خەڵكییەوە دەمبیست و دەیبیستم ئەم دەستەواژە قۆڕەیە كە دەڵێ: لە بێدەرەتانی‌دا ئافراندن ساز دەبێ. كەس نییە بڵێ گەوج! تۆ و ئەوانەی وەك تۆ بیر دەكەنەوە خۆ تا ئێستا لە بێدەرەتانی‌دا بوون، دە پێم‌بڵێن چ غەڵەتێكتان كردووە وا پەیتاپەیتا وەك داركونكەرە مێشكی منتان گاوە؟ سانسۆر بێ ئەوەی خۆمان هەستی پێبكەین نمەنمە دەتكێتە ناو رۆحمانەوە و دەمانكاتە سانسۆرچییەكی كارامە و لەزەبر كە ئەستەمە تاقە یەك وشە لە پلەی دەرچێ.

ئێمە فێری شەڕ كردن نەبووین، لانیكەم  فێری سووكەڵە هەڵوێستێكیش نەبوین، بەردەوام خەریكی هەڵاتن و دەور دانەوەین، پێمان‌ وایە هەڵاتن زیرەكانەترین كارێكە كە لە ئێستادا دەتوانین بیكەین، بۆ هەڵاتن لە چنگی ئەم دێوەزمەیە دوو رێگەمان هەڵبژارد یان بابەتەكانمان بڵاو نەكردەوە یان پەنامان بردە لای چاپەمەنییە زەوق پیسەكانی باشوور تا به خێری خۆیان كتێبێكمان بۆ چاپ كەن، كتێبێك كە بەختەوەرانە و لە سایەسەری سانسۆرچییەكانی سەر سنوور ئاودیو نابێت و شانازی ڕشانەوەیەكمان نابێت كە هیچ دەستەكەمێكی نییە لە ڕشانەوە بە كاتی دیتنی دەقێكی هەڵپاچراو.

ئەدەبی فارس، ئەو ئەدەبە سووك و چرووكە لە چاو ئەدەبی جیهانی و ئەو دێوە قەبە و مل ئەستوورە لە چاو ئەدەبی كوردی لە بەرامبەر سانسۆردا هەڵنەهات و ڕووی نەكردە ئەفغانستان و گورجستان و... تا لەوێ بابەتەكانی چاپ بكا، دەقەكانیشی نەخستە سەر تاقە تا دەیان ساڵی بەسەردا تێپەڕێت و چاوەڕوانی رزگاردەر یان پەرجۆیەك بێت، ئەو شەڕی كرد و شەڕ دەكا. شەڕێك كە لە هەموو كەرەسەیەك كەڵك وەردەگرێ تا دەنگی خۆی بە گۆی ئەوانەی وا دەبێ بیبیسن رابگەیەنێ، لە رێگەی دەركردنی بەیاننامە، لە رێگەی نووسینی نامە، لە رێگەی دەركردنی گوڤار و سازكردنی ئەو هەموو ماڵپەڕە ئیلیكترونییە، هەر چەند لە واقع دا هیچ كاریگەرییەكی لە سەر لابردنی سانسور نەبووە و بگرە لە ئێستادا بە شێوەیەكی تەواو لە تاقەت بەدەر گوشاریان لە سەرە، بەڵام هیچ نەبێ نەیانهێشت لە خۆبان دا مۆرالی پیسی سانسۆرچییەتی سەر هەڵبدا و بو مێژووش بێ شتێكیان هەیە بو كوتن. 

دەقی خوارێ نموونەیەكە لە سەدان نموونەی دژ بە سانسۆر كە لە لایەن شاملووی مەزنەوە بو وەزارەتی ئیرشادی ئەو كات ناردراوە.

+  ۱۳۹۳/۱۰/۲۵   ئالان عەرەب  | 

پیاوی باڵنجی

پیاوێک لە خەو هەڵدەستێ و دەبینێ لە ناو ڕکەیەکی مەرگ دا وێڵ کراوە تا لە برسان و لە تینوویەتیان بمرێ. دەزانێ بە تاوانێک سزا دراوە بۆیە لەو ڕکەیەیان خستووە، بەڵام وەبیری نایاتەوە بە چ تاوانێک. لە بەرامبەریدا دوو ڕکەی تر هەڵواسراون. لە سەر تابلۆی یەکەمیان نووسراوە "دەست درێژکەر"، لە سەر ڕکەی دووهەمیش نووسراوە "قاتڵ". لە ڕکەی "دەست درێژکەر" دا لاشەیەکی بۆگەنکردووی تێدایە و لە ڕکەی "قاتڵیش" دا پیرەپیاوێکی بەرەو سەرەمەرگ. پیاوی چیرۆکی ئێمە ناتوانێ تابلۆی سەر ڕکەی خۆی ببینێت، بۆیە داوا لە پیرەپیاو دەکا بۆی بخوێنێتەوە تا بزانێ بە چ تاوانێک سزا دراوە. پیرەپیاو چاوێک لە تابلۆکە دەکا و بە نەفرەتەوە تفێک بە نێو چاوانی دا دەدا... چەند تەرکەدنیا بەوێ دا تێپەڕ دەبن. بە سەر مەیتی پیاوی "دەست درێژکەر" دا دۆعا دەخوێنن... نان و ئاو بە پیرەپیاو دەدەن... بەڵام کاتێ تاوانی پیاوەکە دەخوێننەوە. جیهان لە بەر چاویان رەش دادەگەڕێ و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە ئەوێ بەجێ دێڵن... پاشان چەتەیەک دەگاتە لایان... بە ساردی چاوێک لە داگیرکەر دەکا. ئەو جار ڕکەی پیرەپیاو دەشکێنێ و لەوێدا ڕزگاری دەکا. پاشان دەچێتە سۆراغی ڕکەی پیاوی چیرۆکی ئێمە و تاوانەکەی دەخوێنێتەوە. چەتە بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوی. پیاوەکەی ئێمەش بە دەمیەوە پێدەکەنێ. چەتە دەمانچەکەی دەردێنێ و دڵی پیاوەکە دەئەنگێوێ. پیاوی چیرۆکی ئێمە لە گیانەڵڵادا هاوار دەکا "تەنیا پێم بڵێ چیم کردووە." چەتە بێ ئەوەی وڵامی داتەوە، رێگەی خۆی دەگرێتەبەر و دەڕوا. دوایین قسەیەک کە لە زاری پیاوی چیرۆکەکەی ئێمە هاتە دەرێ ئەوە بوو کە: "ئاخۆ دەچم بۆ جەهەندەم؟" و دوایین دەنگێک کە گوێی لێ دەبێ پێکەنینی هێمنی چەتەیە. 


بەشێکی کورت لە پیاوی باڵنجی مارتین مەک دۆنا


+  ۱۳۹۳/۱۰/۰۱   ئالان عەرەب  |