ده‌سپێکی میتۆلۆژیای کوردی/ حسه‌ین میکائیلی
ده‌سپێکی میتۆلۆژیای کوردی
حسه‌ین میکائیلی

زانستی میتۆلۆژی (Mythology) یا ئوستووره‌ناسی، ده‌توانێ زۆر له به‌شه نادیاره‌کانی مێژوویی و پێش‌مێژوویی کوردستان بخاته روو. کاتێک ئوستووره‌ناسان باس له سیستمی ئوستووره‌یی یۆنانی، بابێلی، سوومێڕی، هێندی، ئێرانی و... ده‌که‌ن، ئه‌م پرسیاره دێته گۆڕێ که بۆچی کورد که له نه‌ته‌وه کۆنه‌کانی سه‌رووی مێزۆپۆتامیایه، هیچ جێگه و پێگه‌یه‌کی له نێو توێژینه‌وه‌کاندا بۆ دیاری نه‌کراوه و توێژه‌ران و نووسه‌رانی کوردیش تا ئێستا که‌متر ئاوڕیان لێداوه‌ته‌وه؛ ئه‌م بێده‌نگییه ره‌نگه به هۆی گۆڕانی ناوی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بێ وا به درێژایی مێژوو هه‌میشه به «کورد» ناودێر نه‌کراوه؛ یا شوناس و پێناسێکی سه‌ربه‌خۆی نه‌خولقاندووه، یان به پێی ئه‌وه‌ی که زمانی کوردی بێبڕانه‌وه ژێرچه‌پۆکه‌ی زمانی ده‌سه‌ڵات بووه و وه به‌ر چاو نه‌هاتووه و شاردراوه‌ته‌وه و سامانه کولتوورییه‌که‌ی به ناوی خۆیه‌وه تۆمار نه‌کراوه، ئه‌گینا ره‌نگه خه‌تای خۆمان بێ که بڕوامان به هه‌بوونی «میتی کوردی» نه‌بووه و یان چاوه‌ڕێی ئه‌م و ئه‌و بووین، بێن و بۆمان وه‌گه‌ڕ خه‌ن. هه‌رکام له‌م هۆکارانه راست بێ، ئێستاش دره‌نگ نه‌بووه و کاتی ئه‌وه هاتووه ده‌روویێک له‌م بواره‌دا بکه‌ینه‌وه.
لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌سه‌رهات و چۆنیه‌تی چه‌مک و ته‌وه‌رێک، که یا ئاسه‌واره‌کانی له نێو چوون و یا به ناوی دراوسێکانه‌وه تۆمار کراوه، رێگایه‌کی پڕ که‌ند و کوڵۆیه. ته‌وه‌ری میتۆلۆژی زۆر به‌ربڵاو و به‌رینه، به‌ڵام ده‌کرێ به چه‌ند گریمانه و بیرۆکه‌ی دوور له ده‌مارگرژی، پرس و بابه‌تی میتۆلۆژی کوردی بێنینه ئاراوه تا هێور هێور بتوانین هێڵه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی دیاری بکه‌ین.
میتۆلۆژی یان ئوستووره‌ناسی، یه‌کێک له زانسته هه‌ره گرینگهگانی دنیای ئه‌مڕۆیه و له هه‌موو وڵاتێک‌دا نه‌ته‌وه‌کان هه‌وڵیان داوه سیستمێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی میتیکی وه‌ک پێناسه و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بکه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی که مێژوویێکی دیار و تازه‌یان هه‌یه ئه‌مێستا هه‌وڵ ده‌ده‌ن بوون و شوناسی خۆیان به سه‌رده‌مێکی کۆنه‌وه گرێ بده‌ن. دیاره هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک بێ مێژوو نییه و سه‌ربرده‌ی تایبه‌تی هه‌یه، به‌ڵام ئێمه که هه‌موو مێژوونووس و رۆژهه‌ڵاتناسانی بیانی و دۆست و دوژمن، پێیان پێدا ناوه که خاوه‌ن مێژووی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ین، ئێستاش نه‌په‌رژاوینه‌ته سه‌ر سامانی خۆمان. راسته ته‌مه‌نی زانستی میتۆلۆژی، ته‌نانه‌ت له وڵاتانی پێشکه‌وتووش ناگاته دوو سه‌د ساڵ، به‌ڵام به‌داخه‌وه فێرین به‌رده‌وام، هۆکاری که‌مته‌رخه‌می و سه‌رنه‌که‌وتن و دهستکورتیمان به نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆ پاساو بکه‌ین. له بابه‌ت زانستی میتۆلۆژیشهوه ته‌یار نین و وه پشت گوێمان داوه. هۆکارێکی دیکه‌ی لاواز بوونمان له‌م بواره‌دا ئه‌وه‌یه سامانی خۆماڵی له لامان کهمنرخه و ئه‌م خۆ به که‌م زانینه وای لێکردووین ئه‌و داهاته خۆماڵییه به هێز و پێزانهی کولتووری کورده‌واری که به ده‌ستی بێگانه و به ناوی بێگانه‌وه ده‌رچوون و که‌وتوونه به‌ر ده‌ستمان، واق ده‌مێنین و چاوه‌ڕێین به‌شکوو له بیرمان نه‌که‌ن!
کوردستان، له باکووری مێزۆپۆتامیا هه‌ڵکه‌وتووه و مه‌ڵبه‌ندی کۆنینه‌ی ژیار و شوێنی سه‌رهه‌ڵدانی یه‌که‌مین شارستانییه‌ته‌کانی به‌شه‌ر (وه‌ک هیتی و مێد و مانا و لولوبی و...) بووه و ئێستاش ده‌توانین ئاسه‌واری زاوێڵی (بیناسازی و مێعماری) و کولتووری ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه له نه‌خش و نیگاری به‌رده‌نووس و ژیوار و پێتهختهکانیاندا ببینین و وردبینه‌وه و تێبگه‌ین که کوردستان چلۆن دوای تێپه‌ڕبوونی هه‌زاران ساڵ بۆته خه‌زێنه‌ی سامانێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی سه‌رده‌می که‌ونارا و نوێ. ئه‌گه‌ر بێین و هیچکام له‌و ژیارانهش به باپیره‌ی کورد نه‌ژمێرین، بێ‌شک ده‌کرێ بڵێین کورد به‌رده‌وام ئاڵ و گۆڕ و ئاڵ و وێر و دان و ستانی کولتووری له‌گه‌ڵیان هه‌بووه؛ لێی فێر بوون و فێریان کردووه.
میت، ته‌نیا به نووسراوه نه‌گه‌یشتۆته ده‌ستمان و ده‌توانێ به شێوه‌ی بیناسازی، چیرۆک و گێڕانه‌وه‌ی زاره‌کی، ئایین و ئاهه‌نگ و داب و نه‌ریت و ته‌نانه‌ت له نه‌خش و نیگاری سه‌ر جل و به‌رگیشدا خۆ بنوێنێ؛ که وایه بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی میتی کوردی، چه‌ند سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی له به‌ر ده‌ستدایه و ده‌بێ هه‌موویان پێکه‌وه ده کار بکرێن و که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێ؛ چونکه میتۆلۆژی پێویستی به خوێندنه‌وه‌یێکی به‌ربڵاوه و هه‌ر لایه‌نێک ده‌توانێ به‌شێک له سیستمی ئوستووره‌ی کوردی ساغ بکاته‌وه. ئه‌و زانیاری و سه‌رچاوانه‌ی که ده‌توانن بۆ ده‌سپێکی میتۆلۆژی کوردی، یاریده‌ده‌ری توێژه‌ران بن بریتین له: کۆنینه‌ناسی؛ مێژووی نووسراوه؛ ده‌قی ده‌ستنووسه ئایینیه‌کانی کوردی؛ فۆلکلۆر و داب و نه‌ریت و به‌یت و باو؛ لێکۆڵینه‌وه‌کانی رۆژهه‌ڵاتناسان و ئوستوورهناسانی بیانی و دراوسێ و کورد؛ ئێتیمۆلۆژی.
1) کۆنینه‌ناسی(Archaeology): کۆنینه‌ناسی، زانستی ناسینه‌وه‌ی رابردوویێکی دوورتر له شایه‌تمانی مێژووه. کارێن ئارمێستڕانگ[1]، له کتێبی «کورته مێژووی میت»[2]دا پێشینه‌ی ژیانی مرۆڤی له 22000 ساڵ پێشه‌وه تا ئه‌مڕو، ئاوا دابه‌ش کردووه: چاخی کۆنهبهردین (20000 تا 8000 ساڵ پ.ز.) که سه‌رده‌می ژیانی راو و کۆکردنه‌وه‌ی خوارده‌مه‌نییه و مرۆڤ، به ره‌وه‌ندی و کۆچه‌ری ژیاوه؛ چاخی نوێبهردین (8000 تا 4000 پ.ز.) که مرۆڤ ورده ورده نیشته‌جێ ده‌بێ و به کشت و کاڵ ده‌ژی؛ چاخی سه‌رهه‌ڵدانی یه‌که‌مین شارستانییه‌ته‌کان (4000 تا 800 پ.ز.)؛ چاخی ته‌وه‌ری و بنچینه‌یی (800 تا 200 پ.ز.)؛ چاخی پاشتهوهری (200 پ.ز. تا 1500 ز.)؛ چاخی ئاڵ و گۆڕی گه‌وره‌ی رۆژئاوا (1500 تا 2000 ز.) له هه‌رکام له‌م چاخانه‌دا مرۆڤ له کوردستان، به‌سه‌رهاتێکی جیاوازی بووه و به‌پێی پێداویستیه‌کانی ژیان، میتی تایبه‌تی خولقاندووه که به یارمه‌تی زانستی کۆنینه‌ناسی تا راده‌یێک ده‌کرێ ئه‌و لایه‌نه هه‌مه‌ڕه‌نگانه‌ی که‌وتوونه سه‌ر یه‌ک، جوێ بکرێنه‌وه و بناسرێن.
به‌داخه‌وه تا ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی ئاسه‌واره‌کانی کۆنینه و مێژوویی له کوردستان به تاڵان چووه و بازاڕێکی گه‌رم و بهبڕهو به ناوی «ژێرخاکی» دامه‌زراوه و چه‌ته کولتووریه‌کانی بیانی و خۆماڵی به‌ربوونه‌ته دزین و مه‌زادکردنی هه‌ر شتێک که ببێته پاره. دیاره بێگانه‌یێک که به ئاگادارییه‌وه هه‌وڵ ده‌دا به ئاسه‌واره‌کانی وڵاتی کوردان، رابردوویه‌کی چڕ و پڕتر بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی ده‌سته‌به‌ر بکا و بۆ ئه‌م کاره‌ش که‌ره‌سه و پاره و پشتیوانی هه‌یه، تاوانبار نییه! له‌م رووتاندنهوهدا بۆخۆشمان به‌هۆی نه‌زانین و ده‌ستکورتییه‌وه رێخۆشکه‌ر و هاریکاری تاڵانچی بووین و ته‌نانه‌ت تا ئه‌مڕۆش نرخی ئاسه‌واری کۆن، به پێوانه‌ی داهات و پاره هه‌ڵده‌سه‌نگێنین!
ئاسه‌واری کۆن به ده‌ست هه‌رکه‌سه‌وه بێ، ده‌توانێ مێژوو به ویست و دڵخواز لێکداته‌وه و بۆچوونی خۆی بسه‌لمێنێ. پسپۆڕان و گه‌شتیارانی وڵاتانی ئه‌ورووپیش، پتر له چوارسه‌د ساڵه به ته‌واوی دنیادا گه‌ڕاون و ده‌گه‌ڕێن و ته‌نانه‌ت بێت و مه‌به‌ستی خراپیشیان نه‌بوبێ، هه‌وڵیان داوه له هه‌ر وڵاتێک، شتێک به‌رنه‌وه بۆ مووزهکانیان و له ئاسه‌واری میلله‌تانی کۆنی ئامریکاوه بگره تا رۆژهه‌ڵاتی دوور بیئاخنن. دیاره ئه‌وان به هیچ شێوه و به هیچ نرخێک، ئاسه‌واری کۆن و مێژوویی ناده‌نه‌وه به میلله‌تانی خاوه‌نی. «علی حصوری» له په‌ڕاوێزی پێشوتاری کتێبه‌که‌ی خۆیدا به ناوی «سیاوشان» ده‌نووسێ: «له ساڵی 1988دا، وه‌زیری کولتووری یۆنان بۆ کڕینی ئاسه‌واری کۆنی یۆنانی له مووزهکانی بریتانیا، چوو بۆ ئه‌و وڵاته؛ له وه‌ڵامدا پێیان گوت: خۆ ئێمه ساویلکه نین ئه‌م سه‌رچاوه داهاته هه‌میشه‌ییانه، به یه‌کجاری و ته‌نانه‌ت به پاره‌یێکی زۆریش بێ، له ده‌ست خۆمانی ده‌رکه‌ین!» (حصوري، 1387: 22)
ئه‌گه‌رچی زانستی کۆنینه‌ناسی بۆ ناسینه‌وه‌ی رابردوو زۆر به‌که‌ڵکه، به‌ڵام ته‌نیا ده‌توانێ شایه‌تمانی رواڵه‌تی رابردوو بدا، به‌ڵام پیشانده‌ری خولیا و بیر و ئاواته‌کانی خه‌ڵکی رابردوو نییه و له‌م باره‌وه کپ و بێده‌نگه؛ بۆیه بۆ روانینێکی قووڵتر پێویسته سه‌رچاوه‌کانی دیکه‌ش به سه‌ر که‌ینه‌وه.
2) مێژووی نووسراوه: ته‌مه‌نی په‌یدا بوونی خه‌ت و نووسین له 6000 ساڵ زیاتر تێپه‌ڕ نابێ و دیاره مرۆڤ چه‌ند هه‌زار ساڵ پێشتریش له سه‌ر گۆی زه‌وی ژیاوه. خه‌ت و نووسین، سه‌ره‌تای مێژووه؛ واته خه‌ت، بۆته سنووری «مێژوو» و «پێشمێژوو». سه‌رده‌می مێژوویی له‌و کاته‌وه ده‌ست پیده‌کا که به‌شه‌ر توانی رووداوه‌کان بنووسێته‌وه.
ره‌نگه مێژووی نووسراوه، زۆر جێی متمانه نه‌بێ؛ به تایبه‌ت کاتێک ده‌بینین زۆربه‌ی ده‌قه مێژوییه‌کان به قه‌ڵه‌می مێژوونووسی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات هاتوونه دی و راسته‌قینه‌کانیان له سه‌ر ویستی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌مباره‌وبار کردووه؛ یان ئه‌و ده‌قانه دواتر له پڕۆسه‌ی روونووسینهوه و کۆپی هه‌ڵگرتندا ده‌سکاری و چه‌واشه کراون. له راستیدا ده‌قی مێژوویی باوه‌ڕپێکراو له هه‌موو شوێنێکی دنیادا که‌م و ده‌گه‌مه‌نه. به‌ڵام کاتێک ناکرێ به راشکاوی متمانه به ده‌قی مێژوویی بکه‌ین، چۆن ده‌کرێ وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک که‌ڵکی لێ وه‌رگرین؟
ده‌قه مێژووییه‌کان له‌م گۆشه نیگایه‌وه جێی سه‌رنجن که چۆنییه‌تی تێکه‌ڵ بوون و جێگۆڕکێی که‌سایه‌تی و شوێن و رووداوه‌کانی ئوستووره‌یی و مێژوویی بدۆزینه‌وه و بۆمان ده‌رده‌که‌وێ کام به‌ش له ریوایه‌ته میتییهکان باری مێژووییان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه، یان مێژوونووسان چ که‌ڵکێکیان له رووداو و که‌سایه‌تی ئوستووره‌یی بۆ نووسینی مێژوو وه‌رگرتووه.
3) ده‌قی ئایینی کوردی: کوردستان به وته‌ی مێژوونوسان، شوێنی لایه‌نگرانی زۆربه‌ی دین و ئایینه کۆنه‌کانی جیهان بووه: زه‌روانی، میترایی، زه‌رده‌شتی، یه‌هوودی، مه‌سیحی، ئیسلام و...؛ جگه له‌م ئایینانه که بێگومان هه‌رکام به‌ش به حاڵی خوێان له سه‌ر بیر و باوه‌ڕی دانیشتوانی ئه‌م خاکه کاریگه‌ر بوون، ئایینه کۆنه‌کانی ئێزدی و یارسان (کاکه‌یی)، چه‌ند ده‌قی وه‌ک «مه‌سحه‌فه ره‌ش» و «سه‌ره‌نجام»یان پێک هێناوه که ده‌کرێ به سه‌ره‌کیترین سه‌رچاوه‌کانی میتی ئافراندن و خولقاندن بژمێردرێن.
4) فۆلکلۆر: فۆلکلۆر، که سه‌رچاوه‌ی له مێژووی نووسراوه زۆر کۆنتره، یه‌کجار به‌ربڵاوه و بۆ باس کردنی به کورتی، باشتره بیکه‌ینه دوو لایه‌نی سه‌ره‌کی ماددی (مادی) و مانايی (معنوی). لایه‌نی ماددی، ئه‌م به‌شانه وه‌خۆ ده‌گرێ: که‌ره‌سه‌ی ده‌ستکرد، نه‌خش و نیگاری سه‌ر راخه‌ر و جل و بهڕگ و هه‌ر شتێک وا مۆری خه‌ڵکی پێوه دیار بێ و بێجگه له لایه‌نی هونه‌ری، له ژیانی رۆژانه‌شدا ده کار بکرێ.
لایه‌نی مانايی فۆلکلۆریش بریتییه له داب و نه‌ریت و ئایین و گێڕانه‌وه‌ی زاره‌کی و گۆرانی و چۆنیه‌تی شایی و شین و هتد. له‌م لایه‌نه‌دا به‌یت و باوی ئایینی و حیماسی و لیریکی کوردی سه‌رچاوه‌یه‌کی باشن بۆ بینینی ره‌نگدانه‌وه‌ی میته کۆنه‌کانی کوردی. میته‌کان ئه‌گه‌ر ته‌نیا به شێوازی ریوایه‌ت و گێڕانه‌وه نهمابێتنهوه، به داب و نه‌ریت و ئاهه‌نگه‌کانه‌وه گرێ دراون و زیندوون. زۆرجار ئوستووره ته‌نیا له ئاوێنه‌ی ئه‌م ئاهه‌نگانه‌دا ده‌بیندرێ؛ بۆ وێنه له‌وانه‌یه هه‌ڵپه‌رین و چوونه سه‌ر چاک و پیر و شین‌گێڕی و نه‌ریتی قوربانی کردن و بووکه‌بارانه، راسته‌وخۆ هێندێک له میته‌کانی چاخی کۆنهبهردین و نوێبهردینیان له خۆ گرتبێ. میت، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی هه‌یه که هه‌ر چه‌ند کۆن و کهوناریش بێ، نافهوتێ و به‌رده‌وام له هه‌ر ده‌ور و زه‌مان و شوێنێکدا ره‌نگی بارودۆخی تازه وه خۆ ده‌گری و ده‌مێنێته‌وه. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر له فۆرمی میتدا ناوی که‌سایه‌تییه سه‌ره‌کییه‌کان بگۆڕدرێ، هێڵه بنه‌ماییه‌کانی تێک ناچێ.
لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی فۆلکلۆر، له باری هونه‌رییه‌وه پڕبایه‌خن و بۆ هه‌ر چه‌شنه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مێژوویی و کۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی و هتد، ئاوێنه‌یه‌کی باڵانوێن و سه‌رچاوه‌یه‌کی بێخه‌وشن؛ چونکه هونه‌ر وه‌ک مێژووی نووسراوه، رێی درۆی نییه و له ناخی کۆمه‌ڵه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
5) لێکۆڵینه‌وه‌کانی رۆژهه‌ڵاتناسان و ئوستوورهناسانی بیانی و دراوسێ و کورد: تا ئێستا کورد که‌متر رێی که‌وتۆته کتێبخانه‌کانی رۆژئاوا به تایبه‌ت ئا‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و بریتانیا که سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگن بۆ توێژه‌ری میتی کورد و روون نییه تا چ راده‌یه‌ک له سه‌ر میتۆلۆژی کوردستان باس و لێکۆنینهوهی تێدا به‌دی ده‌کرێ، دیاره ئه‌گه‌ر بێت و توێژه‌ر چه‌ند زمانی بیانیش بزانێ، سه‌رکه‌وتووتر ده‌بێ. هه‌روه‌ها له نووسراوه‌کانی زانایانی فارس و تورک و عه‌ڕه‌بدا ده‌کرێ شوێنپێی ئوستووره کوردییه‌کان هه‌ڵگرین. چه‌ند زانا و نووسه‌ر و پسپۆری کوردیش هه‌ن که تا راده‌یه‌ک له‌م بواره‌دا توێژینه‌وه‌یان کردووه وه‌ک: «تۆفیق وه‌هبی»، «جه‌مال ره‌شید ئه‌حمه‌د» و... .
6) ئێتیمۆلۆژی (Etymology): هێندێک له ناوی خواکان و شوێنی رووداوه‌کانی نێو ئوستووره‌کان، ده‌کرێ به ئێتیمۆلۆژی لێک بدڕینه‌وه و به‌م پێوانه‌یه، ریشه و ره‌گه‌زی ناوه‌کان دیاری بکرێن و بزانین سه‌ر به چ زمان و شوێنێکن.
بۆ سازدانی سیستمی میتیکی کوردی، پێویسته هه‌موو ئه‌م خاڵانه‌ی وا به خێرایی و هه‌ڵه‌داوان له‌م کورته وتاره‌دا ئاماژه‌یان پێکرا، وێکڕا و وه‌ک ته‌واوکه‌ری یه‌کتر ببنه هه‌وێنی کار و توێژینه‌وه. نابێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێ بۆمان نییه به پێداگری و لاساری و دوگماتیک، بڕیار بده‌ین؛ پێویسته هه‌میشه رێگا بۆ بۆچوونی جیاواز بهێڵینه‌وه.
دوای که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م سه‌رچاوانه، پێویسته ئه‌وسا چه‌ند هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی هه‌ڵگرین: دیتنه‌وه‌ی بێچم و رواڵه‌تی سه‌ره‌تایی و ره‌سه‌ن و بنچینه‌ی میته کوردییه‌کان؛ به له به‌ر چاو گرتنی ئه‌وه‌ی که هێندێک له میته‌کان، ناوچه‌یین و هێندێکیتریان جیهانین، ده‌بێ کوردی یا بیانی بوون یان شوێنی سه‌رهه‌ڵدان و به‌دی هاتنی ئه‌و میتانه‌ی توێژینه‌وه‌یان له سه‌ر ده‌کرێ، روون بکرێته‌وه؛ هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌و ئاڵ و گۆره که‌م و زۆرانه‌ی له درێژایی مێژوودا به ده‌ستی چیرۆکوێژان، شاعیران، نووسه‌ران، مێژوونووسان و... به سه‌ر میته‌کان هاتووه، ده‌ستنیشان بکه‌ین. بۆ وێنه، میت له په‌رداخت و تیفتیفه‌دانی ئه‌ده‌بیدا ده‌گۆڕدرێ و ده‌بێته ئه‌فسانه و حیکایه‌ت و ژانری دیکه.
[1] - Karen Armstrong