کارلۆس درومۆند دێ ئاندرادێ" Carlos Drummond de Andrade" له 31ی ئۆکتۆبری 1902 له ئیتابیرا(شارێکه له باکوری رۆژهه‌ڵاتی برازیل) له دایک بووه و له 17ی ئاگۆستی 1987 کۆچی دوایی کردووه. شوێندانه‌رترین شاعیری سه‌ده‌ی بیسته‌م له برازیل و له گه‌وره‌ترین شاعیره‌کانی هه‌موو چه‌رخه‌کانی ئه‌و وڵاته ده‌ئه‌ژمێردرێت. چه‌ند شێعرێکم له‌و شاعیره وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه سه‌ر کوردی و ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێک بوونی بێت بڵاویان ده‌که‌مه‌وه، ئه‌و شێعره له لایه‌ن چه‌ند شاعیری فارسه‌وه وه‌ک ئه‌حمه‌دڕه‌زا ئه‌حمه‌دی، وه‌حید عه‌لیزاده و چه‌ند که‌سێکیتر وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی فارسی به‌ڵام هیچیان زۆر جێی متمانه نین و ئه‌وه‌ی منیش هه‌ر وا. هه‌وڵم داوه له ئینگلیزییه‌وه وه‌ری گێرمه‌وه سه‌ر کوردی و دواتریش له گه‌ڵ فارسییه‌که‌ی به‌راوردم کردووه. شێعری خۆزێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ته‌نیایی و ئاوێته بوونی ژیانی ئینسان له گه‌ڵ مۆدێرنیته‌یه، ئینسانی بێ‌شوناس و نیهلیست، یان به قه‌وڵی ویوالدۆ سانتۆس شێعری خۆزێ ژیانی خه‌ماوی شاعیرمان له مۆدێرنیته نیشان ده‌دا.
"خۆزێ"
ئێستا چی خۆزێ؟
میوانی ته‌واو بووه
چراکان خامۆش کران
خه‌ڵکی رۆیشتوون
شه‌وێکی سارده
ئێستا چی خۆزێ؟
ئه‌لان ده‌ڵێی چی؟
تۆ که مه‌نشووری عاله‌م نیت
تۆ که گاڵته به عاله‌م ده‌که‌ی
تۆ که شێعر ده‌نووسی
عاشق ده‌بی، ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕی؟
ئێستا چی خۆزێ؟
نه ژنت هه‌یه
نه د‌م ودوودێک
دلۆڤانیش نیت
نه ده‌توانی بنۆشی
نه ده‌توانی بکێشی
ته‌نانه‌ت تفیش ناتوانی بکه‌یته‌وه
شه‌وێکی سارده
رۆژه که نه‌هاتووه
قه‌تاره که نه‌گه‌ییشتووه
بزه‌یه که ئیتر ونه
خولیاشارت بزر
هه‌موو شتێک ته‌واو بووه
هه‌موو شتێک له کیس چووه
هه‌موو شتێک پواوه
ئێستا چی خۆزێ؟
ئێستا چی خۆزێ؟
قسه خۆشه‌کانت
هه‌ناسه‌ی گه‌رمت
سکوسەودات
کتێبخانه‌که‌ت
کانگای زێڕت
کۆت و شه‌رواڵی ڕه‌پ‌ت
دژبێژییه‌کانت
ڕق و قینت
ئێستا چی؟
کلیلێکت بە دەستەوەیە
ده‌تهه‌وێ ده‌رگا بکه‌یته‌وه
ده‌رگایه‌ک بوونی نییه؛
ده‌تهه‌وێ برۆیه زه‌ریا و بمری
زه‌ریا وشک هه‌ڵاتووه.
ده‌تهه‌وێ برۆی بۆ مینیاس*
مینیاس ئیتر نه‌ماوه.
ئێستا چی خۆزێ؟
ئه‌گه‌ر هاوارت ده‌کرد
ئه‌گه‌ر دەتناڵاند
ئه‌گه‌رسەمایەکی وییەنیت دەکرد
ئه‌گه‌ر خه‌و ده‌یبردییه‌وه
ئه‌گه‌ر ماندوو بووی
ئه‌گه‌ر ده‌مردی...
به‌ڵام تۆ نامری
تۆ زۆر له‌وانه سەگ گیانتری!
ته‌نیا له تاریکی دا
وه‌ک گیاندارێکی کێوی
نه ڕابردوویه‌ک
نه ڕووته دیوارێک خۆتی لێ هه‌ڵپه‌سێری
نه سیا‌هه‌سپێک پڕتاوی ده‌ی
تۆ خه‌ریکه به‌ره‌و پێش ده‌رۆی خۆزێ!
به‌ڵام خۆزێ به‌ره‌و کوێ ؟
*میناس پارێزگایه‌که له رۆژهه‌ڵاتی برازیل.
س:http://allpoetry.com/poem/8594435-Jos%C3%A9-by-Carlos_Drummond_de_Andrade