که من دارستانێک بم...
"که من دارستانێک بم..."
وێرانێک ئینسان، ڕاده‌برێ -کۆچاو
ئینسانێک ئه‌شقیا -ده‌ڵێ:
که من دارستانێک بم یاغی
با -ش ڕه‌وه ئه‌سپێک بێت ڕمێن
په‌لم نێزه و گه‌ڵام زرێ‌پۆش
قه‌دم قه‌لغانێک بێ شووره
بنیاتم ڕه‌وه‌ن
تاپۆیه‌ک بم خویا
با -ش ئه‌سپێک بێت ڕمێن
با تێک بشکێنێ شه‌و
گه‌رده‌لوولێک ساز کا کازیوه
ده‌شتاوده‌شت شۆراخ
با من شه‌رڤانێک بم دره‌خت
ده‌بان په‌نجه‌م بێت و
وه‌حشه‌تێک بم مه‌لوول.
قه‌وغایه‌ک به‌تاڵ
یاڵه‌ویاڵ شیوه‌ن
با -ش ئه‌سپێک بێت ڕمێن
وڵاتێک قاقڕ که‌ین ئه‌گه‌ر جه‌نگه‌ڵ
کۆچاوێک بێت سوور
ره‌گ داکوتین هه‌یتاڵ
هه‌یتاڵی سه‌رزه‌مینێک تاراو
با -ش ئه‌سپێک بێت ڕمێن
یاڵی ده‌زگیرانی پرچم بێت
نێسکه‌مان هه‌ر ئاوه‌دانییه‌ک خاپوور
سارایه‌ک بێت که‌وی
با من پرچێک بم درێژ
درێژ وه‌ک که‌وشه‌ن
وه‌ک گراوێک پاوان
با -ش ئه‌سپێک بێت ڕمێن
هه‌یتاڵم سه‌وز
سه‌وزتر له سه‌وز
سه‌وزێک چه‌شنی سه‌ما
با من سه‌مایه‌ک بم تووڕه
ڕسکانێک بم شین
تا ئاسمان
یان ته‌شقی که‌شکه‌ڵان
با -ش ئه‌سپێک بێت ڕمێن
ده‌زگیرانێک بێت ره‌وه‌ک
خۆشبه‌ز بێت و عاسێ
منیش دره‌ختێک بم پیرۆز.
شه‌وگارێک ده‌خوشێ – یه‌ڵمووم
سه‌رزه‌مینێک تاراو – ڕسکان
کڵپه‌ی گڕێک ده‌زێ ئه‌گه‌ر – دره‌خت.
*پێشتر له سیروانی ژوماره ۶۶۲ دا به کۆ‌مه‌ڵێک هه‌ڵه و په‌ڵه بڵاو بۆته‌وه.