nuxte

بۆ ڕێز گرتن لە بێدەنگی چرکەیەک مەرگ. تکایە*

١-
نە سیمایەک وێنا دەکەم
نە جوانوویەک دیناو
من کەناری هەر سەوزەیەک
ئاوم ئاو ئا...

 

٢-
نە ماسی فریای ئاو کەوت
نە دڵۆپێک باران
وەک چۆن تۆ
نە پۆتین فریای پێت کەوت
نە قەلغانێک سەنگەر
وەها مەرگ دێ
نە لێوێک فریای پەیڤین
نە روخسارێک فریای خەنین.

 

٣-
بریقەیەک لە رووناکی دا
  نادیار؛

تۆزئاسا شەپۆلێکم وەریو

 

٤-

وەک مۆم لە دەستیک­دا تاقەت

وەک دار بە تاریک­دا سیبەر

دەجوولاوە

کەس نەیزانی چ بوو کەس

 

٥-

نە لە تووڕە بوون­دا هەژیا

نە لە روانین­دا

هەنیەی کەشف­ترین خولیا بوو

 

٦-

دەفەی سینگێک

لەرین

سیلەی چاوێک جێماو

 

٧-

نە تەرمێک بوو

نە دارمەیتێک

شیوەنێک بوو شەوگەر

 

٨-

دەبریسکێتەوە شەونم

دەڵێی زریان تەواو بووە

 

٩-

دەرمێن بە سەر یەک­دا

خەونێکی مەیلەو خوین

 

١٠-

زایەڵەی هەنیسک زایەلەی هەنیسک

لە کوێ­دا پونگی خوارد؟

 

١١-

کەڵکەڵەی خەونێک

ورێنەی هەر رۆژ

 


*بۆ ڕێز گرتن لە بێدەنگی چرکەیەک مەرگ. تکایە: ئەم دێڕەم بە کەمێک دەسکاری لە رۆئیایی وەرگرتووە
** وێنە: Alberto Giacometti

ئەوانە و زۆریتریش تەنیا و تەنیا لە ساتێک دا لە دایک دەبن کە مرۆڤ لە نێوان و خەون و خەبەر دا گێژ دەخوا، "هاتە" نین و لە نەستەوە دەرنەکەوتوون، شێوەیەک نەشە بوونە و پێداگری لە سەر شێعربوونیان بێهوودەیە و بە پێچەوانەش...

+  ۱۳۹۲/۱۰/۰۴   ئالان عەرەب  |